کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ نزمترین پلەی گەرمیی لە حاجی ئۆمەران تۆمارکراوە کە 6 پلەی سیلیزیی لەژێر سفرەوە بووە، هەروەها کانی ماسێ 5پلە، مانگێش 3 پلە و ئامێدی دوو پلەی سیلیزیی لەژێر سفرەوە بوون. بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانیش پێشبینییەکانی کەشوهەوا بۆ رۆژانی نەورۆز دەخاتەڕوو.
رۆژی چوارشەممە 16-3-2022، ئاسۆ کەمال بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بە گشتی بۆ رۆژانی 20 و 21ـی ئەم مانگە ئاسمان هەور و نیمچە هەور دەبن. گوتیشی، "کاتەکە چەند رۆژێکی ماوە و ئەمە تەنیا پێشبینیی سەرەتاییە، چونکە وەرزی بەهار گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا زۆر بەخێرایی روودەدەن و گۆڕانکارییان بەسەردادێت".
بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی ئاماژەی بەوەش كرد، شەوی رابردوو بەفر لە شاری پێنجوێن باریوە، هەروەها لە چیای ئەزمەڕ لە سلێمانی، لە چیاکانی سنووری پێنجوێن، دەربەندیخان، پیرەمەگروون و شارباژێڕیش بەفر باریون و پلەکانی گەرما نزمبوونەتەوە.
ئاسۆ کەمال باسی لەوەش کرد، لە رۆژانی داهاتووەوە پلەکانی گەرما بە رێژەیەکی "کەم" بەرزدەبنەوە و دابەزینی پلەکانی گەرماشی بە ئاسایی پێناسە کرد و گوتی، "مانگی سێی ساڵی 1976 لە مانگی سێدا 7 پلەی ژێر سفرمان تۆمارکردووە، ساڵی 2012 سێ پلە ژێر سفرمان تۆمارکردووە".
لە راگەیێندراوەکەی کەشناسیی هەرێمی کوردستاندا پێشبینی کەشوهەوای پارێزگاکانی باشووری کورستان بەمشێوەیە خراوەتەڕوو:
پارێزگای هەولێر: ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەل هەندێک پەڵە هەور لەکاتەکانی شەودا دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور، خێرای با لە نێوان (10 - 15)کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەبێت، نزمترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو 3 پلەی سیلیزی و بەرزترین 15 پلەی سیلیزی دەبێت.
پارێزگای سلێمانی: ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ هەندێک پەڵە هەور و لە کاتەکانی ئێوارەدا دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور، خێرایی با لە نێوان (10—20) کیلۆمەتر دەبێت لە کاژێرێکدا، نزمترین پلە 1 پلە و بەرزترین 14 پلەی سیلیزیی دەبێت.
پارێزگای دهۆک: ئاسمان لە نێوان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و لە کاتەکانی ئێوارەدا دەگۆرێت بۆ هەورى تەواو، خێراى با لە نێوان (10--20) کیلۆمەتر دەبێت لە کاژێرێکدا، نزمترین پلەى گەرماى پێشبینیکراو 1 پلەى سیلیزى و بەرزترین پلەى گەرماى پێشبینیکراو 12 پلەى سیلیزیی دەبێت.
پارێزگای هەڵەبجە: ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و لە کاتەکانی ئێوارەدا دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور، خێرایی با لە نێوان (10—15) کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەبێت، نزمترین پلەى گەرماى پێشبینیکراو 3 پلەى سیلیزیی و بەرزترین 17 پلەی سیلیزیی دەبێت.
پارێزگای کەرکووک: ئاسمان ساماڵ دەبێت، لەکاتەکانی ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور، خێرایی با لە نێوان (10--15) کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەبێت، نزمترین پلەى گەرماى پێشبینیکراو 3 پلەى سیلیزى و بەرزترین 18 پلەى سیلیزى دەبێت.