وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتیکردەوە بەهیچ شێوەیەك هیچ بانكێكی سلێمانی و بانكی ناوەندی هەرێم - سلێمانی ناچار کرابێت هەموو داهاتی ناوخۆ بداتە مووچە. هەروەها دەڵێت: "بانكی ناوەندی هەرێم - سلێمانی كێشەیەكی گەورەی سیولەی دروستكردووە.. تەنانەت دەستی بردووە بۆ ئەو سیولانەش كە هی هاووڵاتیان و فەرمانگەكانی حكومەتن، کە یاسا رێگە بە دەستكارییان نادات".
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند هیچ بانکێکی سلێمانی و بانکی ناوەندیی هەرێمی کوردستانیان لەسلێمانی ناچارنەکردووە هەموو داهاتەکانی ناوخۆ بدات بەمووچە، دەشڵێت"بە درێژایی ساڵی 2021 بانكی ناوەندی هەرێم- سلێمانی رێنماییەكانى ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی جێبەجێ نەكردووە".
رۆژی چوارشەممە، 16ی ئاداری 2022، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەو و وەڵامی سەرۆکی پێشووی لێژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستانی داوەتەوە و تێیدا هاتووە: "ئێوارەى (14/3/2022) لە چاوپێکەتنێکدا، پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەڕێز (دكتۆر عیزەت سابیر) سەرۆكی پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، هێرشێكی ناڕەوای كردە سەر وەزارەتی دارایی و ئابووری كە گوایە " وەزارەتی دارایی بانكەكانی سلێمانی ناچار دەكات، هەرچی داهاتیان هەیە بیدەنە مووچە بۆیە پارەیان نامێنێت بۆ خزمەتگوزاری و ئەم پلانەی وەزارەتی دارایی جێبەجێى دەکات بۆ شاردنەوەی پرۆسەی فرۆشتنی نەوته کە ناشەفافە" وەزارەتی دارایی ئەو زانیاریانە رەتدەکاتەوە.
وەزارەتی دارایی لە روونکردنەوەکەیدا دەڵێت: "وەزارەتی دارایی و ئابووری بەهیچ شێوەیەك هیچ بانكێكی سلێمانی و بانكی ناوەندی هەرێم- سلێمانی ناچار نەكردووە هەموو داهاتی ناوخۆ بدات بە مووچە، بەڵکو ئەنجوومەنى وەزیران و وەزارەتى دارایى ئەولەویەتى داوە بە دابەشکردنى مووچە و باقیاتى کە دەمێنێتەوە. مانگانە هەبووە و لەبەر دەست بووە بۆ پێداویستیەکانى دیکە".